لە شەوانی ئەنگوستەچاودا، ئەو ساتەی ناخی مرۆڤ لە ژاوەژاوی دونیا زامدار و دڵتەنگ و بێزار دەبێت، مێلۆد و ئاوازێ لە قووڵایی ڕوح هەڵدەبڕێت؛ ئاوازێک نە لە چەشنی هاوار، بەڵکوو بە وێنەی ناڵەی دڵبەند و ئەویندار! ئەم ئاوازە، ترپەی دڵی ڕێڕەوی عاریفێک کە ڕێگە ئەبڕێ بۆ پیاسەیەک لە حزووری یاری نازەنین و بە زمانێکی کزەکز و تاسەمەند، ئەڵێ: «ئەی ئەوەی بانگهێشتت کردم، ڕێگە بخە بەرچاوم لە شەوی ئەنگوستەچاودا، چاڵم نیشان بدە» ئەم هۆنراوە، تەنیا سەرەتای هۆنراوە نییە، بەڵکوو دەسپێکی سلووکە؛ واتە: گەشتێک لە تاریکی بەرەو ڕووناکی، لە کەمتەرخەمی بۆ حزوور. لە عیرفانی ئیسلامیدا، شەوی تاریک هێمای نەزانینی و دووربوونەوە لە ڕاستییە و چاڵ، هێمای دەسپێکی ڕێگەیەکە کە دەرەنجامی بۆ ڕووناکی دەڕوات.
قوڕئانی پیرۆز دەفەرمووێ: {اللَّهُ وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُوا يُخْرِجُهُم مِّنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ...} خوا پشت و پەنا و خاوەنی باوەڕدارە و لە تاریکایی باوەڕ دەریان دێنێ بەرەو ڕووناکی. (بەقەرە ۲۵۷)
بەڵام ئەم ڕێگەیە، ڕێگایەکی بێ کەندولەند نییە. پەروەردەی ڕاستەقینە، لەناو چەرمەسەری و تاڵی ژیان پێک دێت. شاعیر بە وێنەیەکی قوڕئانی، ڕێگەی ڕزگاربوون لە خۆڕاگری لەسەر ئازار و مەینەت و چەرمەسەری لەژێر قورسایی بەڵاکاندا دەبینێت: {یوسف مصری ز چاە، گشت چنان پادشاە
گر کە طریق این بود، چاە نشانم بدە}
یووسف، پێغەمبەری دڵبەر و هێمن، لە چاڵەوە گەیشتە کۆشک. لێرەدا، چاڵ سەمبولی داڕمان نییە، بەڵکوو هێمای لەناو چوونە؛ بزربوون لەناو خود، لە هۆگریی، لە خۆبەزلزانین.
و دوای لەناوچوون، بەردەوامی؛ بەردەوامی بۆ خودا، واتە: قۆناغی نزیکی و هێز و جوامێری گەشەی ڕوحییە. وەک مەولەوی لە مەسنەویدا دەڵێت: «کاتێ لە چاڵی جەستە دێتە دەر ڕوح، ئەبێ بە یووسفی گیان ئەو، پاشای جیهان» لە بڕینی قۆناغی ڕوحی بۆ نزیکبوونەوە لە خود، چاڵ لێرە دەسپێکی ڕێگەیە؛ شوێنێک کە ڕێڕەو پێویستە ناخی خۆی ژەنگئەسرین کات و لەخۆی خاڵی بێت، بەڵکوو بتوانێت لە پیاڵەی حزووری ئەوین بنۆشێ. بێگومان ئەم قۆناغە بە فرمێسک و خۆپارێزی دوور لە شانۆگەری دەست پێ دەکات:
«بر قدمت همچو خاک، گریە کنم سوزناک
گل شد از آن گریە خاک، روح بە جانم بدە»
فرمێسک، لە عیرفاندا، هێمای لاوازی نییە، بەڵکوو ڕەمزی شەوق و هەنیسکی دڵدارە. خاکێک کە بە فرمێسک ئاو دەدرێت، دەبێت بە گوڵ، واتە: دڵی مردوو بە فرمێسک زیندوو ئەبێتەوە.
خاجە عەبدوڵڵای ئەنساری دەفەرموێ: «خودایە! فرمێسکی چاوم بکە بە ئەسرینی شەم و ڕوانگەم بکە بە چرای ڕێگە و ڕێگەم بەرەو ڕێبازت ڕووناک کەرەوە»
پێغەمبەری ئیسلامﷺ فەرموویەتی: «عَيْنٌ بَكَتْ مِنْ خَشْيَةِ اللَّهِ، لا تَمَسُّهَا النَّارُ» ئەو چاوەی لە ترسی خودا بگریێ، ئاگری دۆزەخ پێی ناگات.
لەم پلەیەدا، ڕێڕەوی عیرفان نە دڵی بە چێژی ناجێگیری ژیان دەبەستێتەوە و نە دڵخۆش دەبێ بە پێشهاتەکانی هەڵخەڵەتێنی دونیا، بەڵکوو بەدوای ڕازیکردنی دڵداریدا ئەڕوا کە هەست بە ئۆقرەیی بکات؛ مەستی ئەم جیهانە، چێژێکی ساتییە و ئەوەی تۆ بەلاتەوە خۆشترە، حەز و خولیای ئەوم بخە سەر ڕێ.
ئەم هۆنراوە، لوتکەی عەشق لە ئەوینی خودا دەخاتەڕوو؛ شوێنێک کە دڵخوازی ڕێڕەو دەبێ بە خواستی دڵبەند. قوڕئانی پیرۆز لەم بوارە دەفەرمووێ: {وَاللَّهُ يَدْعُو إِلَىٰ دَارِ السَّلَامِ} (یونس:۲۵) خوای گەورە بانگهێشتی دەکات بۆ ماڵی هێمنی.
لە فەرموودەیەدا دەفەرموێ: «ما تقرّب إليّ عبدي بشيء أحبّ إليّ مما افترضت عليه، ولا يزال عبدي يتقرب إليّ بالنوافل حتى أحبّه...» بەندەی من بە هیچ شتێک لێم نزیک نابێتەوە کە لە لام گەورەتر بێت هێندەی واجیبات و هەروەها بە جێبەجێکردنی سووننەت لێم نزیک دەبێتەوە تا ئەو کاتەی کە خۆشم دەوێت... بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت ئەمە بڵێین کە: ئەم هۆنراوە، تەنیا هەست و دەقێک نین؛ بەڵکوو چریکەی دڵ و سەمفۆنیای گیانن. ئاوازێ کە دڵ بۆ ڕاستی پەلکێش و ڕوح لە زیندانی دونیا ڕزگار دەکات. لێرە شاعیر، بە ڕامانی ئەوین و سلووک، لە تاریکی بەرەو ڕووناکی، لە چاڵەوە بۆ کۆشک و لە خاک بۆ گوڵستانی ڕوح هەنگاو دەنێ. ئەم ڕێگەیە، هەمان ڕێگایە کە عاریف و خواناسان پێیدا تێپەڕیوون؛ ڕێگایەک کە بە فرمێسک دەست پێ دەکا و بە ڕەزامەندی پەروەرێنی بێهاوتا کۆتایی دێت.
لە پەروەردەی مەعنەوی، پێویستە ڕێڕەو فێری ئەوە بێت کە، مەینەت و ناسۆری نەک بەربەست نییە، بەڵکوو ئەبێ بە دەسپێکی ببینێ؛ فرمێسک نەک کزی و بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکوو هێزی ڕوح و گەشەی دڵ دەناسێت. ئەم پەروەردەیە، ئەو سات گەردوونبڕ ئەبێ و دڵ لە خاکەوە بۆ ئاسمان پەلکێش دەکا و مرۆڤ لە چاڵی غەفڵەت بۆ کۆشکی هاوڕێیەتی دەبات.

بۆچوونهکان